لە مێژووی هەر گەلێکدا، ساتێک هەیە کە مرۆڤ دەبێت لە خۆی بپرسێت: من لە کوێ ڕاوەستام؟ لەگەڵ گەلەکەم، یان لە بەرامبەری گەلەکەم؟

ئەم پەیامە بۆ ئەو کەسانەیە کە ڕۆژێک بە هیوایەکی کاتی، بە ترس، بە فێڵ، یان لەبەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی، دەستیان خستە ناو خزمەتکردنی دەسەڵاتێک کە ساڵانێکی زۆرە خەڵکی کوردی کوردستانی ئێران لە ماف و ئازادی و کرامەتی مرۆیی خۆیان بێبەش کردووە.

بۆ ئەوانەیە کە تا ئێستا لەو ڕێگایە بەردەوامن و دەستیان لە خزمەتکردن بە سیستەمێکی سەرکوتکەر هەڵنەگرتووە؛ ئەوانەی دەبێت جارێکی تر بە ئارامی لە خۆیان بپرسن: تا کەی دەبێت مرۆڤ بەرامبەر بە ویژدان و گەلەکەی خۆی بوەستێتەوە؟

هیچ ویژدانێکی زیندوو نابێت لەلایەن دەسەڵاتەکانەوە بکڕدرێ. هیچ قازانجێکی کاتی نابێت وەپێش وێژدان و کرامەتی مرۆڤ بخرێ و هیچ ترسێک نابێت وا بکات مرۆڤ بکرێتە بە ئامرازێک بۆ زیانگەیاندن بە کۆمەڵگەکەی خۆی.

ئەگەر کەسانێک رۆژێ فریوی دەسەڵاتیان خواردووە، ئەوە کۆتایی ڕێگاکە نییە.
ئەگەر بەرامبەر قازانجەکانی کۆمەڵگە هەڵەیەکیان کردووە، کات ماوەو دەتوانن بەخۆیاندا بچنەوە.

گەڕانەوە لە رێی خوار و خێچ و هەڵەی گەورە، لاوازی نییە. بەڵکوو نیشانەی تێگەیشتنە لە ئەو راستیەی کە قازانجە نەتەوەییەکان و  کۆمەلگە لە پێش قازانجیی تاکەوەیە.
نەتەوەی کوردی کوردستانی ئێران ساڵانێکی زۆرە بە شێوەی جۆراوجۆر ڕووبەڕووی سەرکوت و بێبەشکردن و فشار بووەتەوە. لەو بارودۆخەدا، ئەوەی رێی راستە دەبێ ئەوانەی بە هەر بیانوویەک بە رێی هەڵەدا چوون، ئاوڕێک لە دەورووبەر و پرسێک لە وێژدانی خۆیان بکەن کە تابە کەی لە راست ئەو هەموو سەرکوت و چەوسانەوە و زۆر و دەردە سەریانەی بەسەر نەتەوە و نیشتمانەکەیدا دێ، دەبێ چاوبنووقێنێ و بێ دەربەست بێ و تەنیا بیر لە قازانجە تایبەتەکانی خۆیان بکەنەوە. 
کات بۆ بەخۆداچوونەوەو گەڕانەوە هێشتا ماوە؛ بەڵام ئەو دەرگایانە بۆ هەمیشە بە کراوەیی نامێننەوە و دەرفەتەکان لەدەست دەچن و دوایی پەشیمانی دادیان نادا.

لە کۆتاییدا، دەسەڵات دەگۆڕێ، پلە و قازانجە تایبەتەکانیان کۆتایی دێت، بەڵام ئەگەر زوو فریای خۆیان نەکەون و ناوتان بە بێزراوی و لەگەڵ مێژووی نگریس و ڕەشی ئەو دەسەڵاتەدا دەمێنێتەوە.

کات بۆ هەڵوێستی ژیرانە هێشتا هەیە و ئاوڕێک لە وێژدانی خۆتان و داهاتووی نەتەوە و نیشتمانەکەتان بدەنەوەو بگەڕێنەوە باوەشی گەل.