زێڕی خاوێن بۆ سەدان و هەزاران ساڵ بە درەوشاوەیی و بێگەردی دەمێنێتەوە، لەکاتێکدا زۆربەی ئاسن و کانزاکانی تر لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئۆکسید دەبن، ژەنگ دەهێنن و ڕەنگیان دەگۆڕێت. توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای دەکات کە نهێنیی سەرەکیی ئەم بەرگرییە سەرسوڕهێنەرەی زێڕ، لە ڕێکخستنەوەی خودیی گەردیلەکانی سەر ڕووەکەیدا شارراوەتەوە.

 

توێژینەوەکە لەلایەن دوو توێژەر لە زانکۆی تۆلاین (Tulane University) لە ئەمریکا ئەنجامدراوە و لە گۆڤاری زانستیی بەناوبانگی "Physical Review Letters" بڵاوکراوەتەوە. توێژینەوەکە سەلماندوویەتی کە گەردیلەکانی سەر ڕووی زێڕ شێوازێکی شێوەسەرپۆشانەی شێوە-شەشپەلوو دەگرنە بەر، کە وا دەکات ئۆکسجین نەتوانێت پرۆسەی ئۆکساندن دەستپێبکات.

 

لێکۆڵەران "سانتۆ بیسواس" و "ماثیو مونتیمۆر" پشتیان بە هاوشێوەکردنی ئامێریی پێشکەوتوو بەستووە کە ڕوودەکاتە میکانیکی کوانتەم بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ئاوێتەبوونی گەردەکانی ئۆکسجین لەگەڵ دوو شێوەی باوی ڕووی زێڕدا.

 

​بۆ ئەوەی پرۆسەی ژەنگهێنان یان ئۆکساندنی هەر مەعدەنێک دەستپێبکات، پێویستە لە سەرەتادا گەردی ئۆکسجین (کە لە دوو گەردیلە پێکهاتووە) هەڵوەشێنرێتەوە تا گەردیلە تاکەکانی ئۆکسجین بتوانن بە مەعدەنەکەوە ببەسترێنەوە و ئۆکسید دروست بکەن.

 

توێژینەوەکە دەریخستووە کە کاتێک ڕوویەکی نوێی زێڕ دروست دەبێت، گەردیلەکانی زێڕ خۆیان لە بنەچەی چوارگۆشەیی یان لاکێشەییەوە دەگۆڕن بۆ بنەچەیەکی شێوە-شەشپەلوو (Semi-hexagonal). ئەم گۆڕانکارییە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی گەردەکانی ئۆکسجین زۆر قورس دەکات، چونکە ڕووی زێڕەکە پێویست دەکات سەرەتا بشێوێت و بگەڕێتەوە بۆ شێوە چوارگۆشەیییەکەی پێشووی تا بتوانێت دوو گەردیلەی ئۆکسجین لە یەکتر جیا بکاتەوە.

 

​بەپێی ژمێرکارییەکانی توێژەران، ئەم ڕێکخستنەوە گەردیلەیییە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئۆکسجین و کارلێککردنی لەگەڵ زێڕدا بە ڕێژەی یەک ملیار تا یەک تریلیۆن جار بە بەراورد بەو ڕووانەی کە ڕێکنەخراونەتەوە!

 

گرنگیی ئەم دۆزینەوە زانستییە بە تەنیا لە ڕوونکردنەوەی هۆکاری گەشاوەییی زێڕدا بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکو دەکرێت وەرچەرخانێک لە بەکارهێنانی پیشەسازیی ئەم کانزا گرانبەهایە بێنێتە ئاراوە.

 

زێڕ لە زۆرێک لە پرۆسەکانی پاڵنانی کیمیاییدا (Chemical Catalysis) بەکار دێت، بەڵام بەرگرییە بەرزەکەی لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆکسجین هەندێک جار ڕێگرە لەوەی لە هەندێک بوواردا بە کارایی بەکار بێنرێت. زاناکان باوەڕیان وایە بە ڕێگری لێکردن لەم ڕێکخستنەوە گەردیلەیییەی ڕووی زێڕ یان ئاڵوگۆڕکردنی، دەکرێت زێڕ ڕام بکرێت تا بەهێزتر ئاوێتە بێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستکردنی پاڵنەری کیمیایی زۆر چاکتر بۆ پیشەسازیی کیمیایی و تەکنەلۆجیای هێز و وزە.