مەهدی کەڵانتەری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی کەلوپەلی خوێندنی ئێرانی ڕاگەیاندووە، نرخی کاغەز بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٠٠٪ زیادی کردووە، ئەمەش ڕاستەوخۆ تێچووی دروستکردنی دەفتەر و بەرهەمە کاغەزییەکانی بەرز کردووەتەوە.

بەوتەی ناوبراو، کەلوپەلەکانی دیکەش لانیکەم ٥٠٪ و هەندێکیان تا زیاتر لە ٢٠٠٪ گران کراون.

سەرەڕای ئەوەی ٦٠٪ی بازاڕەکە لەلایەن بەرهەمهێنەرانی نێوخۆوە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن لە وڵاتانی وەک چین، مالیزی و ئەندۆنێزییەوە، نرخەکان حاستێکی زۆر بەرزیان تۆمار کردووە.

ئەم ڕەوشە بەرهەمهێنەرانی کیف، پێڵاو و پۆشاکی قوتابییانیشی ڕووبەڕووی نادیاری کردووەتەوە و سستییەکی قووڵی بەسەر بازاڕی وەرزیدا سەپاندووە.