بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، پێش ئەوەی ئێران لە مانگی حەوتی رابردوودا هێرش بکاتە سەر بنکەی ئاسمانیی موەفەق سەڵتی لە ئوردن كە بەهۆیەوە سێ سەربازی ئەمریکی كوژران، تاران لە ڕێگەی کۆمپانیەکانی چینەوە وێنەی مانگی دەستکردی زۆر وردی ئەو بنکەیەی دەستکەوتووە.

بەپێی گوتەى ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی قسەیان بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کردووە، ئەو زانیارییانەى دەستیان کەوتووە ڕوونترین بەڵگەیە کە دەریدەخات پشتیوانییەکانی چین بۆ رژیمی ئێران لەکاتی جەنگدا زیانی کوشندەی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا هەبووە، بەو پێیەی واشنتن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەنێوان ئەو وێنانەی مانگە دەستکردەکان و هێرشە مووشەکییەکاندا دۆزیوەتەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا ناوی ئەو کۆمپانی چینییانەیان نەھێناوە کە وێنەکانیان بە دەسەڵاتی ئێران داوە، هەروەها باسیان لەوەش نەکرد کە دەسەڵاتدارانی بەیجینگ ڕاستەوخۆ دەستیان لە هێرشەکەدا هەبووبێت؛ بەڵام رژیم چەندین وێنەی زۆر وردی ئەو بنکەیەی پێش هێرشەکە و دوای هێرشەکەش بەدەستهێناوە.