ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ماهوور میلاتی لە شارستانی مەمەسەنی لە پارێزگای فارس دوای چەندین ڕۆژ هێشتا بەردەوامە و بەشێک لە ژینگەی بەنرخی زاگرۆس، لەوانە دارستانەکانی بەڕوو، لە ئاگردا دەسوتێن.


خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی چالاکوانانی ژینگە دەرخەری ئەوەن کە ڕووبەری ناوچە سووتاوەکان ڕەنگە گەشتبێتە ٥ هەزار هێکتار؛ ژمارەیەک کە هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیندراوە. بەربڵاویی ئاگرەکە بووەتە هۆی ئەوەی هەوڵەکان بۆکوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوچە شاخاوییەکاندا هێشتا بەردەوام بێت.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی سەرچاوە سروشتییەکان، فریاگوزاری و گرووپە مەدەنییە خۆبەخشەکان لە چەندین قۆناغدا هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان داوە، بەڵام هەڵکردنی بای بەهێز، لێژیی ناوچەکە و بەرزی ناوچە شاخاوییەکان بووەتە هۆی ئەوەی ئاگرەکە دوای کوژاندنەوەی سەرەتایی دووبارە پەرە بسێنێتەوە.