دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەی کۆمارییەکان لە دالاس، هۆشداریی دایەوە لەبارەی جووڵە گوماناوییەکان لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی کێوی کۆڵەنگ لە نزیک شاری نەتەنزی ئێران و پێداگری کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لە کاتێکدا ڕاوێژکارانی کۆشکی سپی هۆشدارییان داوە لە درێژخایەنبوونی پێکدادانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە گرژییەکان دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنی نێوانخولەکانی مانگی نۆڤەمبەری ئەمریکا کۆتاییان پێدێت.

دۆناڵد ترەمپ، لەو کۆبوونەوەدا، جارێکی دیکە هۆشداری دایەوە بە تاران و ڕایگەیاند: ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ترەمپ بە ڕەخنەی توند لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥، بانگەشەی ئەوەی کردەوە کە بەرپرسانی رژیمی ئێران تەنها لە زمانی گوشار تێدەگەن. لەبارەی کۆتاییهاتن بە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکەش گوتی: دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەر هەموو گرژییەکان کۆتاییان پێدێت.

سەرۆکی ئەمریکا بە ئاماژەدان بە کۆنترۆڵی گەرووی هورمز لەلایەن ئەمریکاوە و بەئامانجگرتنی چەند نەوتهەڵگرێک، دانی بەوەدا نا کە ئەم گرژییانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەنزین، بەڵام بەڵێنی دا کە دوای کۆتاییهاتنی پێکدادانەکان، بەهای وزە بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێنێت.