بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە خەبات میدیا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ئیلهام (سوهەیلا) عەلیزادە، پاش تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ لە گیرانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێرانەوە، هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و خانەوادەکەی هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی ڕاگرتنی دەست نەکەوتووە.
ئیلهام عەلیزادە، کە تەمەنی ٣٠ ساڵە، لە ڕۆژی ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ لە ماڵی دایکیدا لە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزەکانی مۆڵگەی ئیتڵاعاتی ڕژیمەوە بەبێ پیشاندانی چ بەڵگەیەکی یاسایی گیراوە و پاشان بۆ ئیدارەی ئیتڵاعاتی ڕژیم لە شاری ئورمیە ڕاگوێزراوە. لەو کاتەوە تا ئێستا، ناوبراو لە مافی پەیوەندیگرتن و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسوکاری بێبەش کراوە.
سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە بنەماڵەی عەلیزادە لە ماوەی ئەم ١٨ ڕۆژەدا بەردەوام سەردانی دامەزراوە ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕژیمیان لە مەهاباد و ئورمیە کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕژیم ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن. تەنانەت دایکی ئیلهام و بەشێک لە کەسوکاری بۆ ماوەی سێ شەو و ڕۆژ لەبەردەم دەرگای ئیتڵاعاتی ئورمیەدا چاوەڕێی هەواڵێک بوون، بەڵام بەرپرسانی ئەم دامەزراوەیە هیچ وەڵامێکیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گیرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژیمەوە ڕانەگەیەندراوە و بنەماڵەکەی بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاوەڕێی ئاشکرابوونی چارەنووسی کچەکەیانن.

